شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی :
چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە دادگای باری كەسی هەولێر، بە نووسراوێك كە واژۆی دادوەر ( سروود تاهیر عەبدوڵڵا ) ی لەسەر بووە، بڕیار دراوە هیچ گرێبەستێكی هاوسەرگیری بەبێ پسوولەی زێڕینگر لە دادگاكەدا جێبەجێ نهكرێت.
هەر لەسەر ئەم نووسراوە پارێزەر هەناسە عەبدولعەزیز، لە لێدوانێكدا تایبەت بۆ زاری كرمانجی گووتی” هەر چەندە ئەم بڕیارەی حاكم سروود دەریكردووە بەگوێرەی ماددەیەكی یاسایی دەرنەكراوە، بەڵام بە بڕوای منیش بۆ ئەم سەردەمەی ئێستا بڕیارێكی گونجاوە و لە جێی خۆیەتی، ئەمەش لەبەر دوو هۆكار
یەكەمیان لە ئێستادا دەبینین نووسینی مارەیەكی زۆر لە گرێبەستی هاوسەرگیری بووەتە دابونەریت لە لایەن ئەوانەی هاوسەرگیری دەكەن، هەندێك جار سەد مسقاڵ زێڕ دەنووسن، كەچی تەنیا دە مسقاڵ دەكەن، كاتێك حاكم لێیان دەپرسێت زێڕەكە كراوە ؟ دەڵێن بەڵێ، واتە لە گرێبەستی هاوسەرگیری دەنووسرێت بڕی زێڕەكە وەرگیراوە، بەڵام ئەگەر پسوڵە بكرێت ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆی كەمكردنەوە و نووسینی ڕێژەیەكی زۆر زێڕ، بەم شێوەیە بۆ دوای هاوسەرگیرە كێشەكان كەمتر دەبنەوە.
زیاتر گووتی” لە لایەكی تر زۆر جار لە كاتی ڕوودانی كێشە لە نێوان ژن و مێرد، كە پەنا دەبەنە بەر دادگا بۆ چارەسەركردنی، هەر چەندە زێڕەكەش نەكراوە، لە كاتی تۆماركردنی گرێبەستی هاوسەرگیری بەڵام چونكە ئافرەتەكە دڵنیایی لە وەرگرتنی زێڕەكەی كردووە،كێشەكە قووڵتر دەكاتەوە و دەبێت بسەلمێنێت كە نەكراوە، هەر لەبەر ئەم هۆكارانە منیش بە بڕیارێكی گونجاوی دەزانم بۆ كاتی ئێستا”.