مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوور پارێزەكانی ئێران، لە ماوەی مانگی ڕابردوو زیاتر لە 50 كۆڵبەر بوونەتە قوربانی .
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی كانوونی دووەمی 2024، لانی كەم ٥٠ كۆڵبەر لە سنوورەكانی كوردستان كوژراو و بریندار بوونە، كە ٩٢٪ ی حاڵەتەكان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
لە ڕاپۆرتی هەنگاو هاتووە “لە ماوەی مانگی ڕابردوو ٦ كۆڵبەر كوژراون و ٤٤ تریش بریندار بوون.”
لە نێو برینداراندا 6 كۆڵبەری منداڵ هەیە كە لە كاتی كۆڵبەریدا هێزە چەكدارەكانی ئێران تەقەیان لێكردوون و بریندار بوونە.
لە ڕاپۆرتی هەنگاو هۆكارەكانی گیان لەدەستدان و برینداربوونی كۆڵبەران خراوەتە ڕوو، كە 46 حاڵەت بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران بووە كە 6 كوژراو 40 بریندار بووە ، هەروەها 2 حاڵەتی بریندار بوون بە هۆی بەرد تێگرتنی چەكدارانی ئێران لە نێو كۆڵبەران تۆمار كراوە، یەك حاڵەتی برینداربوون بە هۆی بەربوونەوە لە شاخ هەبووە.