مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی كانوونی دووەم، 74 بەندكراوی لە سێدارە داوە، زۆرترین ئەو بەندكراوانەی لە سێدارە دراون كوردن.
ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئاماری مانگی ڕابردووی ئەو بەندكراوانی كە لە بەندیخانەدا لە سێدارەدراون بڵاو كردەوە، بەپێی ئامارەكە لە مانگی كانوونی دووەم 74 بەندكراو لە سێدارەدراون كە 34 یان كورد بوونە و 46 % كۆی گشتی لە سێدارەدراوانی مانگی ڕابردووی پێك دەهێنن.
لە ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هاتووە، زۆرترین ڕێژەی ئەو بەندكراوانی لە سێدارەدراون بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر بووە كە 46 بەندكراو بوونە، هەروەها 6 بەندكراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە سیاسەت و یەكێكیان ئایینی بووە، هاوكات 16 بەندكراوەی تر بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارەدراون .