مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای هێرشكردنە سەر بنكەیەكی ئەمەریكا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن و كوژرانی 3 سەرباز و برینداربوونی 40 ی تر، سەرۆكی ئەمەریكا ڕاگەیاند ئەوانە سزا دەدەن كە دەستیان لەو هێرشەدا هەبووە و گووتی “لە كات و شوێنی خۆی وەڵامی توندمان دەبێت بۆیان.”
دوای پێنج ڕۆژ لە هێرشەكە، زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەت عێراق و سووریا و ئێران، چاوەڕوانی هێرشەكەی ئەمەریكا دەكەن، بۆیە دوێنێ میدیاكانی ئەمەریكا ئاشكرایان كرد كە كۆشكی سپی زنجیرەیەك هێرشی فرەیی كە بۆ چەند ڕۆژێك درێژ دەبێتەوە دژی ئامانجەكانی عێراق و سووریا پەسەند كردووە و ئاژانسی (سی بی ئێس) لە سەر زاری بەرپرسێكی باڵای سەربازی سوپای ئەمەریكا بڵاوی كردەوە “كاتی لێدانەكان بەندە بە سروشتی كەشوهەوا، چونكە هێزەكانمان پێویستیان بە كەشوهەوای لەبارە هەیە بۆ هێرشەكانیان.”
ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو 28ی كانوونی دووەم، هێرش كرایە سەر بنكەیەكی ئەمەریكا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن نزیك سنووری سووریا، لەم هێرشەدا سێ سەربازی ئەمەریكی كوژراون و 40 ی تریش بریندار بوون. بۆیە بەرپرسە سەربازییەكانی ئەمەریكا گوتیان بۆ ئەم هێرشە وەڵامی توندمان دەبێت، دوای ئەوە بەشێك لەو هێزانەی نزیك لە ئێرانن لە سووریا و عێراق بە زوویی بارەگاكانیان چۆڵ كرد و بەرپرسەكانیان لە ترسی بەئامانجگرتنیان خۆیان حەشاردا .