زارى کرمانجى-سۆران:
ئێران لە ترسی بە ئامانجگیرانیان لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە، راوێژکار و گەورە بەرپرسەکانى لە سوپای پاسداران لە سووریا کەم دەکاتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئێران بڕیاریداوە ژمارەی بەرپرسانی خۆی لە سووریا کەم بکاتەوە، لە سەر رۆشنایی ئەو بڕیارەش سوپای پاسداران ژمارەیەک لە راوێژکارە سەربازییەکانی لە سووریا کشاندووەتەوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، بڕیارەکەی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی هێرشی مووشەکیی و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سووریا، کە گەورە بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، بۆیە تاران ناچاربووە ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی لە سووریا ماون، بۆ شوێنی نەزانراو بگوازێتەوە و بیانشارێتەوە.
هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران نیگەرانی خۆیان گەیاندووەتە حکومەتی سووریا، کە چۆن زانیاریی بەرپرسانی ئێرانی لە ناو هێزەکانی سوپای سووریا دزەی پێکراوە و دەکرێنە ئامانج.