زاری كرمانجی- سۆران:
بەپێی زانیارییە بڵاو كراوەكان حكومەتی عێراق راسپاردەیەكی وەزارەتی دەرەوەی بۆ كردنەوەی كۆنسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر پەسەند كرد.
دوێنی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران كۆبووەوە و بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، بڕیارێك پەسەند كراوە سەبارەت بە راسپاردەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتی قەتەر لە هەولێر.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە ئەو بڕیارە پاڵپشت بە بڕیارەكانی هەردوو ماددەی (25 و 26)ە لە یاسای خزمەتی دەرەوە (45ی ساڵی 2008) و رێككەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندیی كونسوڵخانەكان لە ساڵی 1963، هەروەها عێراق بەهەمان شێوە لە داهاتوودا كۆنسوڵخانە لە قەتەر دەكاتەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای مامەڵەی هاوشێوەدا.
ئێستا لە هەولێر كونسوڵگەری و نوێنەرایەتی دەیان وڵاتی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی هەیە و پێشبینی دەكرێت ژمارەیان زیاتریش بێت.