موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران، رایدەگەینێت، دەرخەستەی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەمان بۆ تەواوی قەزا و ناحیە و گوندەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان كردووە و چاوەڕوانی وەرگرتنی رەزامەندین.
تەحسین سەعدوڵڵا بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بە تەواوی قەزا و ناحیە و گوندەكانی سنووری ئیدارەی سۆران، ئەوانەی گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، دەرخەستیان بۆ كراوە و بەرز كراوەتەوە بۆ ئیدارەی سۆران، گوژمەی سەرجەمیان 23 ملیار دینارە و چاوەڕوانی رەزامەندین بۆ جێبەجێ كردنی پڕۆژەكان و چارەسەر كردنی گرفتی ئاو لە سنوورەكەمان .
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران، دەڵێت، گرفتی ئاو لە سۆران و دەورووبەری خۆی وشك بوونی سەرووچاوەی ئاو، كۆنی و خراپ بوونی تۆڕی دابەش كردنی ئاو، شێلوو بوونی ئاوی سەرەكی، ئەمانە و چەند گرفتێكی دیكە دەبینێتەوە، ئەگەر رەزامەندی بدرێت لەسەر دەرخستەكان بە دڵنیاییەوە چارەسەری گرفتی ئاو لە سنووری ئیدارەی سۆران چارەسەر دەكرێت”.
تەحسین سەعدوڵڵا بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران، دووپاتی كردەوە، تا ئەمساڵ هەریەك لە قەزاكانی چۆمان، مێرگەسۆر، رواندز سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەورووبەری هەولێر بوو، لە مەودووا كار و بارەكانیان دەكەونە سەر بەڕێوەبەرایەتیمان، ئەمەش وادەكات سنووری جوگرافیای كاركردنمان بەرفراوانتر بێت.