مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئامادەكاری دەكات بۆ دەركردنی یاسایەكی نوێ بە ناوی”پاراستن لە زیانەكانی تووتن”، بەرپرسێك لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕاگەیاند جگەرەی ئەلیكترۆنی و هاوشێوەكانی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو یاسایەدا قەدەخە دەكرێت.
عەباس جەبار بەڕێوەبەری هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تووتن لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند “یاسا نوێیەكە دەسەڵاتی زیاتر دەداتە لایەنی پەیوەندیدار، بۆ ئەنجامدانی لێپرسینەوە لە سەرپێچیكارانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان،”
بەرپرسەكەی وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستە ڕوو كە جگەرەی ئەلیكترۆنی و هاوشێوەكانی دەربازیان نابێت لەو یاسایە و قەدەخە دەكرێن، چونكە زیانی زۆری هەیە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ .
دەشڵێت “هەفتەی داهاتوو دەستەكە لەگەڵ لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان كۆ دەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی ڕەشنووسی یاساكە و بەرگریكردن لەو ماددە و بڕگانەی كە وەزارەت ئامادەی كردووە.”