زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران كۆدەبێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردۆتەوە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، بەشداریی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 54ـەمین كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس كە لە 14 – 19ی كانوونی دووەمی 2024 بەڕێوە چوو، دەخرێتە ڕوو و پوختەی كۆبوونەوەكان لەو كۆڕبەندەدا باس دەكرێت.
ئاماژەبەوەشدراوە، بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت بە دواپەرەسەندنەكانی گفتوگۆی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی بودجە، مووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێت. هەروەها بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆ دەبێت لەسەر خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، تایبەت بە دەستپێكردنەوەی گرێبەستەكانی پەیوەست بە پرۆژەكانی ماستەپلانی شار و شارۆچكەكانی هەرێم.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكراشی كردووە، بڕگەی چوارەمی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی كۆتایی (ڕێنمایی كاركردنی بیانی لە هەرێمی كوردستان) لە دوای پێداچوونەوەی لەلایەن لیژنەیەكی وەزاری لە وەزارەتەكانی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ناوخۆ و پلاندانان.