مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
لەسێدارەدانی چوار بەندكراوی سیاسی كورد، شەپۆلێكی ناڕەزایەتی توند لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، دژی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێكەوتەوە و هاونیشتمانییان لە زۆربەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتنی گشتیان ڕاگەیاند و بەشێك لە زیندانییە سیاسییەكانی كوردیش دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 29ی كانوونی دووەم، چوار بەندكراوی سیاسی كورد بە ناوەكانی محەممەد فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ خەڵكی دێولانی پارێزگای كوردستان و موحسین مەزڵووم تەمەن 27 ساڵ خەڵكی مەهاباد و وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ خەڵكی بۆكان و پژمان فاتیحی تەمەن 28 ساڵ خەڵكی كامیاران، كە ئەندامی حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستانی ئێران بوون، لە زیندانی قزڵحەساری شاری كەرەج لەسێدارەدران.
دوای لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندكراوە كوردە، هاونیشتمانییان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە ڕێگای گردبوونەوە و ڕژانە سەر شەقامەكان ناڕەزایی خۆیان نیشاندا و دواتریش مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند و بازاڕەكان داخران، دوای ئەوە بە لێشاو بەشدارییان لە پرسەی قوربانیان كرد و داواكار بوون بە زوویی كۆتایی بە دەسەڵاتی مەرگ و سێدارە بهێنرێت.
نێرگز محەممەدی زیندانی سیاسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە هەژماری ئینستاگرامی خۆی پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند “سەرجەم ژنانی بەندكراوی زیندانی ئێڤین وەك ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی كورد و ڕاگرتنی لەسێدارەدانی دەیان زیندانی دیكە، دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.”
كاردانەوەكان بە فراوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشی گرتەوە، گەوهەر عەشقی، دایكی گەنجێكی ڕەخنەگر لە كۆماری ئیسلامی ئێران كە لەژێر ئەشكەنجەدا لە زیندان گیانی لەدەست داوە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نووسیویتی “نەفرەتت لێ بێت خامنەیی، جاران دوعای ئەوەم دەكرد كە بمریت، ئێستا دەڵێم كوڕەكانت بە هەڵواسراوی ببینیت.”
هاوكات بەشی زۆری پارت و لایەنە سیاسییەكانی كورد لە هەر چوار بەشی نیشتمان، لە ڕێگەی بڵاوكراوەكانیانەوە سەركۆنەى لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندكراوە كوردیان كرد و ڕایانگهياند كە سیاسەتی سەركوتكردنی كۆماری ئیسلامی كار لە سەر ئیرادەی مافخوازانەی تێكۆشەرانی كورد ناكات.”