جەیمس هێبی جێگری وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاد ” وڵاتەكەی كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگری بەرەو دەریای سوور جووڵە پێكردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەكان لەناوچەكە”.
جێگری وەزیری بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند” بەریتانیا كەشتی فڕۆكە هەڵگری بۆ دەریای سوور جووڵاندووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەكان لەناوچەكەو ڕەنگە ئەم كەشتی فڕۆكە هەڵگرەی بەریتانیا جێگەی كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكی دوایت ئایزنهاوەر بگرێتەوە”.
هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا خاوەنی دوو كەشتیی فڕۆكەهەڵگری “شاژنە ئەلیزابێس”و “شازادەی وێڵز”ە، شاژنە ئەلیزابێس پێشتر بەشداریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ناوچەكەی كردبوو، بەوپێیەی ئەم كەشتییە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بەسەرۆكایەتی ئەمریكا بەكارهێنرا بۆ شەڕی داعش لەسوریاو عێراق لەساڵی 2021دا.
سەبارەت بەكەشتی فڕۆكەهەڵگری “شازادەی وێڵز”، هێشتا بەشداریی لەئەركە شەڕكەرەكاندا نەكردوە، هەروەها هەریەك لەو دوو كەشتییە دەتوانێت تا 35 فڕۆكەی ئێف-35 لەخۆ بگرێت.
ئێستا بەریتانیا كەشتی تێكدەری “ئەڵماس”ی لەدەریای سوور جێگیركردووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی حوسییەكان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكانی ناوچەكە.