موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا، ڕایگەیاند:” پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژی كارەبا لە سنوورەكەمان جێبەجێ دەكرێت كە بۆ یەكەمینجارە كارەبا لە سۆران بە وزەی پاك بەرهەمدەهێندرێت .
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران، ئاشكرای كرد:” پڕۆژەكە بە گوژمەی 120 ملیار دینار لە سەر داهاتی وەزارەتی كارەبا كەوتۆتە واری جێبەجێ كردن و ماوەی پڕۆژەكە 600 رۆژ دیاری كراوە، بۆ ئەو پڕۆژەیە هیچ سوتەمەنی پێویست نییە و بە وزەی پاك كاردەكات، لەسەر بەنەمای گۆڕینی جولە وزە بۆ ماتە وزە دەبێتە كارەبا .
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران، باسی سودەكانی ئەو پڕۆژەیە دەكات و دەڵێت، پڕۆژەكە 100 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت، یەكەمینجارە پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە لە ئیدارەی سۆران جێبەجێ دەكرێت، بە تەواو كردنی كێشەی كەمی ڤۆڵتیە لە سۆران و دەورووبەری چارەسەر دەبێت، لە هەمان كات رۆَڵی گرنگ دەبینێت لە زیاتر كردنی كاتژمێرەكانی كارەبا .
دووپاتی كردەوە، كارەبای سنوورەكەمان لە هەولێرەوە دەگاتە سۆران و نزیكەی 100 مێگاواتە، تا دەگاتە سۆران و گوندەكان چەندین گرفت دروست دەبێت لەوانە كەمی ڤۆڵتیە، كەوتنە خوارەوە تاورەكان و چەندین گرفتی دیكە، بە تەواو بوونی ئەو پڕۆژەی سۆران 100 مێگاواتی دیكە بۆ كارەبای سنوورەكەمان زیاد دەبێت كە بێگومان كارەبا دەبێتە دوو ئەوەندە و زیاد دەبێت .
بەپێی زانیاریەكانی زاری كرمانجی، لە سنووری ئیدارەی سۆران، لە ئێستادا تەنها 8 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بوونی هەیە و بە یەكسانی بەسەر سەنتەری شار و قەزا و ناحیەكان دابەش دەكرێت”.