زاری كرمانجی- بارزان:
لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا لە 31-1-1987 ئیدریس بارزانی لە گوندی سلیڤانا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆچی دوایی كرد، بەبڕوای پێشمەرگەكانی شۆرشی ئەیلوول و گوڵان، ئیدریس بارزانی سەركردەی بەرەكانی شەڕ بوو، سەركردەیەك بوو بڕوای بە ئاشتی و پێكەوەژیان هەبوو، رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانی، لەبواری سەربازی شارەزایەكی زۆر باشی هەبوو، حكوومەتی عێراقی ناچاركرد پاشەكشە بكات، لەگەڵ ئەوەی لە هەر پارچەیەكی كوردستان هەستی بەوە كردبایە تروسكایەك هەیە بۆ سەرهەڵدانی خەباتی شۆڕشگێڕی، یەكسەر دەستی هاوكاری بۆ درێژ دەكرد.
ئیدریس بارزانی، لە گوندی بارزان لە دایكبووە، لە تەمەنی چوار ساڵی لەگەڵ خانەوادەكەی لە سنووری بارزان دەگوازرێنەوە بۆ شارەكانی بەغدا مووسڵ و بەسرا، لەگەڵ ئەوەی لەتەمەنی منداڵییەوە لە سۆز و خۆشەویستی باوك بێ بەش بووە و تا گەرانەوەی بارزانیی نەمر لە سۆڤیەت لە ساڵی 1958، لەگەڵ ئەوەی مرۆڤێك بووە لەناو جەماوەر خۆشەویست بووە سادە و بە قەناعەت بووە، بەسادەیی ژیاوە خاوەن قسە و بەلێنەكانی بووە، لەگەڵ هەر كەسێكدا بە زمانی خۆی و ئاستی تێگەیشتنی بەرامبەری قسە و هەڵسوكەوتی كردووە.
كاتێك كە پەڕەكانی مێژوو هەڵدەدرێنەوە و قسە لەبارەی كەسە كاریگەر و خاوەن كەسایەتی بەهێزی مێژووی كورد دەكرێت، دەبێ لە یەكێك لەو پەڕانە ناوی ئیدریس بارزانی ببیندرێت، هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانی بە ئەندازیاری هەوڵەكانی یەكڕیزی گەلی كورد دادەنێن، بەو پێیەی كاری بۆ یەكماڵی كورد و قەبووڵ نەكردنی ملكەچی كردووە، هاوشێوەی ئێستا كە یەكڕیزی بە بنەمای گەیشتن بە ئامانجەكان دادەنرێت.
ئەو پێشمەرگانەی لە ئیدریس بارزانییەوە نزیكبوون، هەمیشە باس لە خەسڵەتی جەماوەریبوونی ئەو دەكەن و دەڵێن، ئیدریس بارزانی قەت خۆی لە پێشمەرگەكان جیانەدەكردەوە و بەسادەیی ژیاوە و زۆرجار لەگەڵ پێشمەرگەدا لە ئەشكەوت و بنبەردەكانی چیاكانی كوردستان ڕۆژی كردووەتەوە.