“ئێستا 800 كرێكاری خانەنشین لە هەرێم هەنە”
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەسەر موچە و یاسای خانەنشینی كرێكاران لێدوانیدا و گووتی ” كرێكاران بەپێی رێژەی مووچەكانیان خانەنشین دەكرێن، وەك كارمەندانی حكومی .
کوێستان محەمەد، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند،” یاسای خانەنشینی و دەستبەری کۆمەڵاتی هەیە و لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە کاری پێدەکرێت”.
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە بارەی یاسای خانەنشینییەوە گووتی ” بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەتەوە کار بە یاسای ساڵی 1971ی عێراق دەکەین، بەپێی یاساکە هەر کرێکارێک خاوەن کارەکەی دەستبەری بۆ بکات و پارەی بەشدارییەکانی بۆ بدات، هەرکاتێک تەمەن و ساڵانی خزمەتی تەواوکرد خانەنشین دەبێت”.
لە بارەی بڕی مووچەی خانەنشینی كرێكارانەوە روونیكردەوە ” وەک چۆن فەرمانبەران بەپێی مووچەکانیان ڕێژەی خانەنشینیان بۆ دیاریدەکرێت و بڕەکەی جیاوازە، کرێکارانیش بەهەمان شێوە بەپێی جیاوازی مووچەکانیان بڕی خانەنشینەکانیشیان جیاوازە.
كوێستان محەمەد لە بارەی ژمارەی خانەنشینانەوە روونكردنەوەدا و گووتی “
ئێستا لە هەرێمی کوردستان 800 کرێکار خانەنشینن، کە دوو مانگ جارێک مووچەی هەردوو مانگەکەیان بەیەکەوە پێدەدرێت، بەبێ پاشکەوت و لێبڕین و فەوتانی مووچەکانیان”.