زاری كرمانجی -بارزان:
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەڵێت: پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان 82% كارەكانی تەواو بووە و بۆ مانگی 9ی ئەمساڵ دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵكی ناوچەكە بەرەوپێشچوونێكی باش بەخۆیەوە دەبینێ.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، بۆ زاری كرمانجی گوتی: پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان 82% كارەكانی تەواو بووە و زیاتر لە 36 هەزار كەس لێی سوودمەند دەبن، پڕۆژەكەش بە گوژمەی 138 ملیار و 448 ملیۆن و 845 هەزار دینار، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەكرێت.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، دەشڵێ: بۆ مانگی 9ی ئەمساڵ پڕۆژەكە تەواو دەبێت و دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
ئەندازیار زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، ئاشكراشی كرد: زۆر سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی مەلا مستەفا بارزانی، دەكەین بۆ خەمخۆری جەنابیان بۆ تەواو كردنی پروژەكە، بە هیمەتی جەنابیان بۆ سوود وەرگرتنی تەواو لە پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان لە ئێستادا پڕۆژەیەكی تەواوكاری كەوتۆتە بواری جێبەجێكردن كە بریتییە لە كارەبای نیشتمانی بۆ پڕۆژەی ناوبراو كە بریتییە لە ڕاكێشانی هێڵی كارەبای پاڵەپەستۆی بەرز بەتوانای ( 33KV ) و ( 11KV ) بەدرێژایی ( 31KM ) لەگەڵ دامەزراندنی وێستگەیەكی ( 33KV ) بەسوود وەرگرتن لە وێستگەی كارەبای ( 132KV ) دێرەلووك ئەم پرۆژەیەش لەلایەن كۆمپانیای هێرۆ جێبەجێدەكرێ گوژمەكەشی (8,668,000 )دولار لەسەر بودجەی وەزارەتی كارەبا لەژێر سەرپەرشتی لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی شارەوانی كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵكی ناوچەكە بەرەوپێشچوونێكی باش بەخۆیەوە دەبینێ.