” پارتی نەبۆتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەكان “
“پارتی نەبوو سكاڵای بردە دادگا و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی پەڵكێشی هەرێم كرد”
” دەمانەوێت رۆڵمان هەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو تا خزمەتی ئەم شارە بكەین”
بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی- هەڵەبجە رایگەیاند” پارتی نەبووەتە هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردن و دەیانەوێت رۆڵیان هەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو، تا بەشدار بن لە ئیدارەی خۆجێی پارێزگای سلێمانی.
عەلی حوسێن، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی-هەڵەبجە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گووتی ” پارتی شاری سلێمانی بەگرنگ دەزانێت، بۆیە دەمانەوێت رۆڵمان هەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو، تا بەشدار بین لە ئیدارەی خۆجێی ئەو شارە و خزمەتی چین و توێژەكانی ئەم شارە بكەین”.
لە بارەی هەڵبژاردنەكانیشەوە عەلی حوسێن روونیكردەوە كە ” هەمووان دەزانن پارتی دوو ساڵە مەبەستییەتی هەڵبژاردن بكات، هەروەها پارتی نەبۆتە هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردن”.
زیاتر روونیكردەوە ” پارتی نەبوو ئەو بابەتەی بردۆتە دادگای فیدراڵی و وابكات كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بێتە ئێرە”.
لەبارەی وادەی هەڵبژاردنەیشەوە ئەو بەرپرسەی پارتی دیموكراتی كوردستان گووتی ” چاوەڕوانی ئەوەن لە كۆتایی ئەم مانگەدا دادگای فیدراڵی دواین بڕیاری خۆی لەسەر ئەو بابەتە بدات، ئەوكات مەرسومی سەرۆكایەتی بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن دەرەدەچێت”.