” هێزەكانی ئەمریكا بە چەكی پێشكەوتوو لە ئاسمان و دەریاوە هێرشەكە دەكەن”
” جگە لە سوریە و عێراق ناو ئێرانیش دەكرێنە ئامانج “
پلانی هێرشكردنە سەر ئێران و گرووپەكانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریە خراوەتە بەردەم بایدن و چاوەرێ فەرمانی سەرۆك بایدنن بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە.
ماڵپەڕە فارسی زمانەكانی دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەكەن، ئەنجامدانی هێرشەكە زۆری نەماوە و گورزی توند لە ئێران و ملیشیاكانی سەر بە ئێران دەوەشێندرێت.
لە لایەكی دیكەشەوە ماڵپەڕی (پۆلیتیكۆ) بڵاو كردەوە ” بایدن پێ داگرەلەسەر ئەوەی ئێران هۆكاری سەرەكیی هێرشەكەی سەر بنكەی سەربازی تاوەری 22 بووە، بۆیە وەڵامی ئەمجارەی ئەمەریكا توند دەبێت و بە سێ قۆناغ دەبێت”.
كەناڵەكانی راگەیاندن ئاماژە بەوە دەكەن ” لە چەند سەعاتی داهاتوو بایدن قورسترین و چارەنووسسازترین بڕیاڕ دەدات لە مێژووی دەستبەكاربوونییەوە وەك سەرۆك و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا”.
ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە ئاماژە بەوە دەكەن ” سەرەتا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەكانی میلیشیا چەكدارەكانی سەربە ئێران لە سووریا و عێراق، دواتر هێرشی مووشەكی و بالیستی و ئاسمانی بۆ سەر كۆگەكانی چەك و پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران، هەروەها كارگەكانی دروستكردنی درۆن و ژێرخانی چەكی ئەو وڵاتە دەكاتە ئامانج”.
پێشبینیش دەكرێت ئەمریكا لە هێرشەدا چەكی پێشكەوتوو بەكار بێنێت وەك : فڕۆكەی F-35، و هەروەها لە دەریای سوور و كەنداوی عەدەن، بە مووشەكی تۆماهۆك ئێران بكرێتە ئامانج.