محەممەد مەحموود- سۆران:
بەپێی بەدواداچوونی زاری كرمانجی بۆ زانینی بەشە نەوتی پێویستی قوتابخانەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەركەوت پەروەردەی مێرگەسۆر لە ئێستادا پێویستی بە دابینكردنی بەشە نەوتی زیاتر هەیە.
هەریەكە لە حەسەن محەممەد ساڵح، چنوور مەزهەر محەممەد، ئەحمەد بندایزانی، بەڕێوەبەری پەروەردەكانی سۆران، رواندز و چۆمان لە ڕێگەی زاری كرمانجیەوە باسیان لەوە كرد” بەشە نەوتی پێویستیان هەیە و تا ئێستاش هیچ قوتابخانەیەك لە سنووری پەروەردەكانی ئەوان داوای نەوتی زیاتری نەكردووە ئەگەر داواش بكەن چارەسەری پێویستیان بۆ دەكەن، لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ لەچاو ساڵی پار بڕە نەوتی كەمتر دراوە بە قوتابخانەكان”.
مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” بۆ بابەتی نەوت وەكو پەروەردەی مێرگەسۆر گرفتمان دەبێت و نەوتمان بەو ئەندازەیە نییە، چونكە ئێمە دەبێ نەوت بۆ بەشەناوخۆیی مامۆستایان و قوتابخانەكانیش دابین بكەین، لە ئێستاشدا چەند قوتابخانەیەك داوای نەوتی زیاتریان كردووە لەبەر ئەوەی مێرگەسۆر ناوچەیەكی كوێستانی و ساردە بۆیە نەوتی زیاتری پێویستە و داوا دەكەین نەوتی زیاترمان بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی بە سەر قوتابخانەكان دابەشبكەین”.