زاری كرمانجی – سۆران :
ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە، 28ـى كانوونی دووەمی 2024، بنكەیەكی سەربازی سوپای ئەمریكا لە نێو خاكی ئوردن كرایە ئامانجی هێرشێكی درۆنی و لە ئەنجامدا سێ سەرباز كوژران و نزیكەی 30 تریش برینداربوون. سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەم هێرشە بە ترسنۆكانە ناو دەبات و هاوخەمی خۆشی بۆ حكومەت و گەلی ئەمەریكا دەربڕی.
مەسروور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر (X) لەسەر هێرشی سەر بنكە سەربازییەكی ئەمەریكا لە ئوردن پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕاگەیاند “بە توندترین شێوە هێرشی ترسنۆكانەی دوێنێ بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە ئوردن سەركۆنە دەكەم”، لە درێژەی پەیامەكەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هاوخەمی خۆی بۆ حكومەت و گەلی ئەمەریكا دەردەبڕێت و دەڵێ “هاوخەمم لەگەڵ حكومەت و خەڵكی ئەمریكا لەم كاتە سەختەدا.”