مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی بە درۆن هێرش كرایە سەر بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن، سەرۆكی ئەمریكا ڕاگەیاند هێرشەكە لەلایەن ئەو گرووپانەوە ئەنجامدراوە كە ئێران پشتگیرییان دەكات، وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی سەرۆكی ئەمەریكای دایەوە و ڕاگەیاند كە دوور و نزیك تاران دەستی لە هێرشی سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا نییە و ئەو دەنگۆیانە ئامانجی سیاسییان لە پشتە.
یەكەمجارە دوای جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، لە هێرشێكدا سێ سەربازی ئەمەریكی بكوژرێن و زیاتر لە 25 ی تری بریندار ببن، بۆیە ئەو هێرشە كاردانەوەی زۆری لە ناوخۆی ئەمەریكا دروستكرد و داوا لە سەرۆكی ئەمەریكا كرا، بە زوویی وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە و هێرش بكاتە سەر ئێران.
ناسر كەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەنگۆی تێوەگلانی ئێران لە هێرشەكە ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت “ئەو دەنگۆیانە بە ئامانجی سیاسیی دیاریكراو بۆ پێچەوانەكردنەوەی دۆخی ناوچەكە دروستكراون.”