زاری كرمانجی-سۆران:
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی جووتیاران بۆ ئەوەی بخرێنە ناو پلانی ئەمساڵی لێوەرگرتنی گەنم لەچەند ڕۆژی داھاتوودا ڕەوانەی بەغدا دەکرێن.
د.زێدا کەریم، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ڕاگەیاند: تۆمارکردنی ناوی جووتیاران بۆ لێوەرگرتنی بەرھەمی ئەمساڵی گەنم کۆتایی ھاتووە و بڕیارە لەچەند ڕۆژی داھاتوودا ناوی جووتیاران ڕادەستی حکوومەتی فیدڕاڵ بکرێت تا لە چوارچێوەی پلانی ئەمساڵی لێوەرگرتنی گەنم سوودمەندبن.
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: داتای فەرمیی لە ھەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵ کۆدەکرێتەوە و دوای پێداچوونەوە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕەوانەی بەغدا دەکرێن.
د.زێدا کەریم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەگوێرەی تۆماری ناوی جووتیاران ئەمساڵ بەرھەمی گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت و ھەر جووتیارێک ناوی خۆی تۆمار نەکردبێت بێبەش دەکرێت لە لێوەرگرتنی بەرھەمی ئەمساڵ، چونکە پلانەکە بەو شێوەیە ناوی جووتیاران تۆمار بکرێت و بخرێتە ناو چوارچێوەی پلانی لێوەرگرتنی گەنم.