مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای هەژدە مانگ لە دەستگیركردنیان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای سێدارەی چوار بەندكراوی سیاسی كورد لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێكرا.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە كاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 29ی كانوونی دووەم، چوار بەندكراوی سیاسی كورد بە ناوەكانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری كەرەج لە سێدارە دران.
ئەم چوار بەندكراوە ئەندامی حیزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستانی ئێران بوون و بە تۆمەتی هاوكاری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە گوندی “یەنگەجە” لە نزیك ناوچەی سۆمای برادۆستی پارێزگای ئورمییە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كران و دواتر لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە دادوەریی ئیمان ئەفشاری سزای لە سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.