مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران، لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراو یەكێك لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكای لە باكووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن كردە ئامانج و بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا سێ سەرباز كوژراون و زیاتر لە 20 سەربازی تریش بریندارن.
ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی كانوونی دووەم، بە درۆن هێرش كرایە سەر بنكەیەكی ئەمەریكا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن نزیك سنووری سووریا، بەرپرسە سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی وڵاتەكەیان قسەیان كردووە و ئاماژە بەوە دەكەن كە لەو هێرشەدا سێ سەربازی ئەمەریكی كوژراون و 25 ی تریش بریندار بوون.
دوای هێرشەكە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا لە پەیامێكدا ڕاگەیاند “قوربانیدانی گەورەی ئەو سێ سەربازە لەلایەن گەلەكەمانەوە لە بیر ناكرێت و لە پابەندییەكانیشیان بۆ شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبین.”
هەروەها سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێت ئەوانە سزا دەدەین كە دەستیان لەو هێرشەدا هەبووە و لە كات و شوێنی خۆی وەڵامی توندمان دەبێت بۆیان.