محەممەد مەحموود – سۆران :
لە میانەی گرنگیدان بە کەرتی پەروەردەو فێرکردن لە سنووری ئیدارەی سۆران، دەزگای خێرخوازی بارزانی قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە کەونەگوند دروستدەکات و قوتابییانی ١٣ گوند سوودمەند دەبن لەو قوتابخانەیە، ئەمڕۆش لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و مەلامستەفا بارزانی و بەرپرسانی حکومی و حزبی ئەو قوتابخانەیە بە فەرمی کرایەوە.
نێچیروان عەبدولواحید گوانی، بەرپرسی نووسینگەی سۆرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و سەرپەرشتیاری دروستکردنی قوتابخانەی کەونە گوند بە زاری کرمانجی راگەیاند” لە چوار چێوەی گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە دەزگای خێرخوازی بارزانی لەکارێکی ناوازەدا قوتابخانەیەکی ١٢ پۆلی کارەکانی بەکۆتا هات و بۆ ئەمساڵی خوێندن کەوتە خزمەتی قوتابییان، ئەو قوتابخانە تازەیە لە گوندی کەونەگوندی ناوچەی دولەمەریانە لەسنووری قەزای مێرگەسۆر، پێشتر قوتابییانی ئەو گوندانە دەچوونە ناحیەی مەزنێ بۆ خوێندنی ئامادەیی، بەمەش کێشەی هاتووچۆ و مەترسی رێگە لەئارا دابوو بۆسەر گیانی قوتابییان و بەشێکیشیان ناچار دەبوون واز لە خوێندن بهێنن بەهۆی ئەوەی قوتابخانەی ئامادەیی لەو گوندانە نەبوو.
بەرپرسی نووسینگەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سۆران گووتیشی” ئەو قوتابخانەیە بەشێوەیەکی سەردەمیانە دروستکراوە پێکدێت لە ١٢ ژوورو هۆڵی تایبەت بە تاقیکردنەوەکان و چەند بەشێکی تری گرنگ لەو باڵەخانەیە رەچاو کراوە بە بەرزترین کوالێتی ئەندازیارو سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە کارەکانیان ئەنجامداوە، جگە لەوەش بۆیەکەمجار بەشی زانستی بۆ قوتابییانی ئەو گوندانە دەکرێتەوە کە پێشتر تەنها بەشی وێژەیی لەو گوندانە هەبووە، بۆئەمەش قوتابییان کرێی هاتوو چۆ و مەترسی رێگایان نامێنێت “.
نێچیروان گوانی، گووتیشی” گوژمەی دروستکردنی ئەو قوتابخانەیە ٣١٠ هەزار دولارەو لە لایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی دروستکراوە بۆ قوتابییانی گوندەکانی ناوچەی دولەمەری و بەمەش قوتابی ١٣ گوندن سوودلەو قوتابخانەیە وەردەگرن بۆ ئەمساڵی خوێندن.