شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” ئەو كەسانەی پێشینەی خێزانی شەكرەیان هەیە یان قەڵەون یاخود پارێز ناكەن لە هیچ خواردنێك و بێ جووڵەن، مەترسی تووشبوونیان بە شەكرە هەیە.
د. داهات حەوێزی، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و شەكرە، دەڵێت” بۆ رێگەگرتن لە تووشبوون بە شەكرە پێویستە ئەم خاڵانە بەرچاوبگرن:
-وەرزشكردنی بەردەوام، بەلایەنی كەم هەفتەی سێ جار هەرجارەی یەك كاتژمێر وەرزشكردن پێویستە، بە شێوازێك هیلاك بیت و لێدانی دڵت خێرا بێت و ئارەقە بكەیتەوە، بەردەوامبە وەرزشكردن، ئەگەر شەكرەیەكی سەرەتایی هەبێت بەم شێوازە كۆنتڕۆڵ دەبێت.
-دووركەوتنەوە لە خواردنی شیرینی زۆر، فاست فوود، ساردی و خواردنی لە قووتونراو، وازهێنان لە جگەرەكێشان و خواردنەوەی كەحولی و زیاتر گرنگیدان بە خواردنی تەندروست تایبەت سەوزە و میوە و چەرەزات.
-خۆت بەدوور بگرە لە سترێس و دڵەڕاوكێ و خەفەت خواردنی زۆر، چونكە دوور نییە ئەمانە شەكرە بەرز بكەنەوە.
-شەش مانگ یاخود ساڵی یەك جار پشكنینەكانی چەورییەكانی خوێن، شەكرە و پەستانی خوێن، هەروەها پارێز كردن و وەرگرتنی چارەسەر لەكاتی پێویستدا، چونكە چەوری سەر جگەر دەبێتە هۆی شەكرە.
-دووركەتنەوە لە بەكارهێنانی دەرمان و دەرزی بەبێ ڕاوێژی پزیشك، چونكە هەندێ چارەسەر و دەرزی شەكرە بەرز دەكەنەوە.