زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە خانەوادە و کەسوکاری شەهید پێشڕەو دزەیی کرد و، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە خانەوادەی ناوبراو ڕاگەیاند و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.
بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، دوای پەلامارە بێ پاساوە موشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی شەهید پێشڕەو مەجید دزەیی، کە بووە هۆی شەهیدبوونی خۆی و ژینای کچی تەمەن یازدە مانگ، هەروەها بریندار بوونی هاوسەر و کوڕەکانی و شەهید و بریندار بوونی چەند هاولاتییەکی سڤیل، ڕۆژی شەممە 27ی کانوونی دووەمی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی کرد.
بارەگای بارزانی لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی دووبارە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە خانەوادەی شەهید پێشڕەو ڕاگەیاند و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست، هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو تاوانە زوڵمێکی گەورە بوو بەرانبەر خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی و خەڵکی کوردستان کرا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەر لەو دیدارەدا کەسایەتی و تێکۆشەری دێرینی کوردستان موحسین دزەیی سوپاسی پشتگیری و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی کرد کە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەو کارەساتەی بە خەمی خۆی زانیوە و هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە مەڕاسیمی بە خاکسپاردنی شەهیدانی ئەو ڕووداوە کارەساتبارە کرد. هەر لەو دیدارەدا عەبدوڵلا مەجید دزەیی بەناوی خۆی و خانەوادە و هەر سێ برای شەهید پێشڕەو پێزانینی بۆ هاوسۆزیی سەرۆک نیشان دا و بەڵێنی ئەوەشی دا کە هەموویان لەسەر ڕێچکەی شەهید پێشڕەو دزەیی بۆ ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبن.