مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕاپرسییەكان نیشانی دەدەن ترەمپ سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكایە.
دۆناڵد ترەمپ لە دواین ڕاپرسیی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بە جیاوازی 4.3٪ی دەنگەكان لە پێش بایدنەوە دێت، چاودێرانی سیاسیی دەڵێن ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بكرێت، ترەمپ جارێكی تر دەرگای كۆشكی سپی دەكاتەوە و دەبێتەوە بە سەرۆكی ئەمەریكا.
بە گوێڕەی ڕاپرسییەكە، ترەمپ متمانەی 47.3٪ی دەنگدەران و جۆ بایدنیش 43٪ی دەنگەكان بەدەستدەهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، سەرەڕای ئەوەی بە تۆمەتی یاخیبوون و هەوڵدان بۆ هەڵگەڕاندنەوەی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوو، لە دادگاكان چەندین دۆسیەی لە دژی جووڵێنراوە و چەند ویلایەتێك لە ڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە مافی خۆ كاندیدكردنی بێبەش كردووە، بەڵام جارێكی تر هاتەوە نێو ململانێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا و لە ئێستادا ڕاپرسییەكانی تایبەت بەم هەڵبژاردنە دەردەخەن كە ترەمپ ڕكابەرێكی سەرسەختی بایدن دەبێت و متمانەی دەنگدەرانی زیاترە.
خۆكاندیدكردنەوەی ترەمپ بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا، جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمەریكای نیگەران كردووە و لە یەكەم بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیدا لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دۆناڵد ترەمپی بە كەسێكی دۆڕا و نەخۆش ناو برد و هەروەها ئەوەشی گوت كە قسەكردنی ترەمپ بە زمانی نازییەكان هەڕەشەیە بۆ سەر دیموكراسی ئەم وڵاتە.
لەبەرامبەر ئەوەدا ترەمپ لە بانگەشەی ویلایەتی ئایۆوا داوای لە دەنگدەران كرد ئەگەر لە سەرە مەرگیشدا بوون بڕۆن دەنگ بدەن.
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، وا بڕیارە لە ڕێكەوتی 5 / 11 / 2024 بەڕێوە بچێت. بەپێی ئەو هەشت ڕاپرسییەی لە ماوەی 21 ڕۆژی ڕابردوو كراون، ترەمپ لە تەواوی ڕاپرسییەكان لە پێشەوەی بایدن دیت.