زاری كرمانجی-سۆران:
کەشی پێشبینیکراو بۆ 48 کاتژمێری داهاتووی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا. بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ و سبەی باران بارین و بەفریش لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، 27-01-2024، بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە راگەیەندراوێکدا کەشی پێشبینیکراوی 48 کاتژمێری داهاتوو لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، کەشی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، “ئاسمان بە گشتی هەوری باراناوی دەبێت لەگەڵ بارینی بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە شاخاویە سنووریەکان رێژەی بەفر بارین لە کاتەکانی شەودا زیاتر دەبێت”.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما “نزم دەبێتەوە بە (2- 5) پلەی سیلیزی بە بەراورد لە تۆمارکراوی دوێنێ هەیینی” .
لەبارەی کەشی سبەی یەکشەممە، 28-1-2024، ئەوە خراوەتەڕوو، “ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە کات و شوێنی جیا جیا. هەروەها بارینی بەفر بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەری ئەم شەپۆڵە لاواز دەبێت کەش دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور”. هەرچی پلەکانی گەرماشن، “نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوی ئەمڕۆ”.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 11
سلێمانی: 9
دهۆک: 9
کەرکوک: 13
هەڵەبجە: 10
زاخۆ: 10
سۆران: 6
حاجی ئۆمەران: 0
گەرمیان: 15