شەهلا رەشید- سۆران:
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: هەمواركردنەوەی بودجە تەنها ئەو ماددانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە بەڵكو لایەنەكانی دیكەش داواكاریان هەیە، بۆیە ئەوەش كاتی پێویستە.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” هەمواركردنەوە بودجە كاتی زۆری دەوێت، وەك ڕێكارە یاساییەكان و ڕێككەوتنی هەردوو حكوومەت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان داواكاری هەیە، بۆ ئەمانەش دەبێت ڕێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا بكرێت، تا ئێستا هەنگاوی باش نراون، دەتوانم بڵێم لێك تێگەشتن هەیە لە نێوان هەردوو حكوومەت تا ئاستی رێككەوتن ئەو ماددانەی كە پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان چۆن هەموار بكرێتەوە، دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیران دەبێ پێشنیازی بودجەكە پەسەند بكرێت و رەوانەی پەرلەمان بكرێت و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ دەكرێت و پەسەند دەكرێت.
ئەو ئەندام پەرلەمانە، گوتیشی: هەمواركردنەوەی بودجە تەنها ئەو ماددانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵكو لایەنەكانی دیكەش، خودی حكوومەتی فیدراڵ و وەزارەت و پارێزگاكانیش داواكاریان، بۆیە هەموو ئەمانە دەكرێنە یەك پاكێج و دەنێردرێنە پەرلەمان، ئەمەش كاتی پێویستە.