شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی ڕاهێنەرە ئەقڵییەكان، دەڵێت” ئەم قسەیە تا چەند ڕاستە كە زۆرجار دەڵێن: لە هەر چی بترسێی هەمان ڕوودەدات، ئایا ئەمە ڕاستە؟ لەم بابەتەدا وەڵامی ئەم پرسیارە دەخەینەڕوو.
د. خاڵس قادر، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و ڕاهێنەرە ئەقڵییەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند”بەدڵنیاییەوە زۆربەی ئەو شتانەی لێی دەترساین ڕوویان نەداوە، ئەوانەی كە ڕوویانداوە زۆر جار كەمتر بوونە لەوەی پێشبینیمانكردووە، بەپێی هەندێك سەرچاوە تەنها 6-8% ئەوانەی لێیان دەترسین ڕوودەدەن و زۆربەشیان كەمترن لەوەی كە بیرمان لێ كرۆتەوە.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، گووتیشی” لێرەدا پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە مادەم بەگوێرەی ئەو ترسەی كە هەمانە و بگرە زۆر كەمتر شتەكان ڕوودەدەن، ئێمە بۆچی دەترسین ؟
لێرەدا ڕوونكردنەوە لەسەر ئەم پرسیارە دەدەین، چونكە پێمان وایە شتێكی خراپ ڕوودەدات، لەسەرەوە ڕوونمانكردووە كە زۆربەی هەرە زۆری ڕوونادات، هۆكاری دووەمی ترسەكەمان ئەوەیە نەتوانین بەرگەبگرین، دەركەوتووە زۆرینەیان سوكتر و لاوازترە لە تواناكانی ئێمە، بەڵام لە ترسان و دڵەڕاوكێ بەردەوامین، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەبەر ئەوەی دەروونمان وا ڕاهاتووە بۆ ئەوەی شتێكی خراپ ڕوونەدات پێویستە بترسین، واتە ترس و ڕوونەدان بەیەكەوە بەستراونەتەوە لە قولایی ئەقڵی خواربەئاگاییمان، ئەمەش ناگونجێت لەگەڵ ئەو بۆ چوونەیە كە دەڵێت” ئەوەی لێی بترسین ڕوودەدات، چونكە ئێمە لە بنەڕەتدا بۆیە دەترسین تا وەكو ڕوونەدات، ئەوەش لە ئەقڵی خوار بەئاگاییماندایە.
دەشڵێت” لەترسەكەت مەترسە، زۆربەیان ڕوونادەن، ئەگەر ڕووشبدەن سوكترە لەوەی لێی دەترسین، هەر كات بەئاگابووی لە ترس دەتوانیت ئەو وزە گەورەیەی لەترسدا هەیە لە بەرژەوەندی خۆت بەكاری بهێنیت، ئەمەش لەبیرت بێ لەكاتی ترسدا تەنها هۆڕمۆنی سترێس دەرنادرێن، بەڵكو زانست سەلماندوویەتی چەند هۆڕمۆنێكی بەسوودتریش دەردەدرێن وەك ئۆكسیتۆسین هۆرمۆنی خۆشەویستی و پارێزەری دڵ و لوولەكانی خوێن لەگەل هۆڕمۆنی DHEA ئەویش هۆڕمۆنێكی پارێزەرە و گرنگە بۆ گەشەی دەمارەخانەكانی مێشك و بەرگری لەش.