مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای دوو هەفتە، وا بڕیارە جارێكى تر پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە و سەرۆكێكی نوێی بۆ پەرلەمان هەڵبژێرێت.
ئەمڕۆ شەممە 27ـى كانوونی دووەم، پەرلەمانی عێراق لە گەڕی دووەم بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان كۆدەبێتەوە.
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق كاتژمێر11 ی پێشنیوەڕۆ دەست پێدەكات و حەوت بڕگە لە خۆ دەگرێت، بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكە دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانە، كە لە دانیشتنی 13ی ئەم مانگە، لە گەڕی یەكەم هیچ كاندیدێك دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا، بۆیە دانیشتنەكە دواخراو ئەمڕۆ لە گەڕی دووەم جارێكی تر دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان دەكرێت.
ئەگەرچی لە گەڕی یەكەمی دەنگداندا، شەعلان كەریم كاندیدی حزبی تەقەدوم بە سەرۆكایەتیی محەممەد حەلبووسی زۆرترین دەنگی 314 پەرلەمانتاری بەشداربوو لە دانیشتنەكە بە دەستهێنا كە 152 دەنگ بوو، بەڵام نەیتوانی زۆرینەی ڕەها بەدەست بهێنێت، تا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ خۆی مسۆگەر بكات.