پشتیوان کەریم-زاری کرمانجی
زیاتر لەدوو هەفتەیە لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەست بەدابەشکردنی نەوتی ماڵان کراوە، لەکۆی شەش قەزا لە دوو قەزا دەست بە دابەشكردنی كراوە.
لای خۆیەوە، بەرپرسی بەشی نەوت و کانزاکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” دوای کۆکردنەوەی پارەی نەوت بۆ هەر خێزانێک 100 لیتر بە 33 هەزار دینار دیاری کرا، لە سنووری قەزای چۆمان و قەزای سیدەکان لە ئێستادا نەوتیان پێدەدرێت و بۆ ڕۆژی یەکشەمە دابەشکرانی نەوت لەم دوو قەزایە بەکۆتا دێت .
حەمید حەمەد ئەمین، بەرپرسی بەشی نەوت و کانزاکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر گووتیشی:” لە یەکشەمەی هەفتەی داهاتوو دوای هەردوو قەزاکانی سیدەکان و چۆمان دەست دەکرێت بە دابەشکردنی نەوت لە سنووری قەزای مێرگەسۆر”.
ئەمە لەکاتێکدایە، حکوومەتی عێراق لەماوەی رابردوو، بڕیاریدا بە ڕەوانەکردنی 50 ملیۆن لیتری نەوتی ماڵان بۆ دانیشتوانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، دەستپێکیش لە ناوچە شاخاوییەكان دەست بەدابەشكردنی كراوە.