ئەو بەشە نەوتەی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، بەشی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان ناكات. لە هەوڵی ئەوەداین بڕەكەی زیاد بكەین.
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی نەوت و گاز رایگەیاند” ئەو بەشە نەوتەی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، بەشی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان ناكات”.
د. سەباح سوبحی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی نەوت و گاز، بۆ مالپەڕی وشەی دواوە و لە بەشێكی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە داوە” ئەو بڕە نەوتەی بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، كەمە و بەشی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان ناكات”.
دكتۆر سەباح سوبحی زیاتر روونیكردۆتەوە ” ئێستە وەك نوێنەرانی كورد، كار لەسەر ئەوە دەكەن بۆ ئەوەی رێژەیەكی زیاتری نەوتی سپیی ماڵان بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت و هەر هەموو خێزانەكان سوود لە وەرگرتنی نەوت وەربگرن، بۆیە بەردەوام دەبین تا قەبارەكەی زیاد دەكرێت و خەڵكی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق، لە وەرگرتنی نەوت سوودمەند بن”.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كردووە” بەهۆی ئەوەی رێژەیەكی كەمی نەوت بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كراوە، ئێستە لە هەرێمی كوردستان هەر خێزانێك لە جیاتی بەرمیلێك نەوت، 100 لیتر نەوتی پێ دەدرێت، بۆیە هەوڵەكان بەردەوامن تا زیاد بكرێت”.