مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
درەنگانی شەوی ڕابردوو سەڵاحەدین دەمیرتاش سیاسەتڤانی كورد و هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراسیی گەلان-هەدەپە، لە زیندانەوە گوازرایەوە بۆ یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكانی ئامەدی باكووری كوردستان.
پارتی یەكسانیی و دیموكراسیی گەلان (پارتی دەم) لە ڕاگەیاندراوێكدا هۆكاری گواستنەوەی دەمیرتاش لە زیندانەوە بۆ نەخۆشخانە گەڕاندەوە بۆ خراپبوونی دۆخی تەندروستی دایكی كە ماوەی دوو ڕۆژە باری تەندروستی تێكچووە و خراوەتە ژێر چاودێری وردی تەندروستییەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش دوای نەخۆش كەوتنی سەعدییە دەمیرتاش ی دایكی، داوای لە بەرپرسانی زیندان كردووە ڕێگای پێ بدەن سەردانی نەخۆشخانەی ئەهلی مۆمێریاڵ لە ئامەدی باكووری كوردستان بكات، تا لە نزیكەوە بە دیداری دایكی شاد ببێتەوە و دڵنیا بێتەوە لە تەندروستی.
هاوكات نزیكەی مانگێك بەر لە ئێستا، تاهیر دەمیرتاش باوكی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئامەد بە هۆی نەخۆشی دڵەوە گیانی لە دەست دا.