زاری كرمانجی – خەلیفان:
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، قوتابیەك لە كاتی چوونی بۆ قوتابخانە دەكەوێتە بەر پەلاماری سەگی بەڕەڵا و بەو هۆیەوە بەشێكی جەستەی زامدار دەبێت .
ئەحمەد حەمەدئەمین بەرپرسی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بەربەریانی ئەمڕۆ قوتابیەكی پۆلی 11 لە قوتابخانەی خەلیفانی زانستی كچان بە ناوی” ئاشتی ئیسماعیل حەمەد ” لەڕێگای چونی بۆ قوتابخانە بەداخەوە سەگی بێلانە گازی لێگرتووە و بەشێكی لاقی زامدار بووە .
زیاتر گووتی:” بۆ ئەم مەبەستە دەستبەجێ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران و بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی سۆران و شاندێك لە نزیكەوە سەردانی قوتابیەكەیان كرد و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاوكاری و پاڵپشتیەك.
بەرپرسی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، گووتیشی:” قوتابیەكە ئێستا لەژێر چاودێری پزیشكە لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی قەزای خەلیفان و باری تەندروستی جێگیرە، دوای تیماركردن و دڵنیابوونەوەی پزیشكان لە تەندروستی و سەلامەتی گیانی رەوانەی ماڵەوە و قوتابخانە دەكرێتەوە”.