” كوژرانی 24 سەرباز لە یەك رۆژدا سوپای ئیسرائیلی تووشی شۆك كرد”
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند كە 24 سەربازیان لە غەززە كوژراون. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی، ئەمە خراپترین ڕۆژ بوو بۆ سوپای ئیسرائیل لەوەتەی هێرشە زەمینییەكان بۆ سەر كەرتی غەززە لە 27ی ئۆكتۆبەر دەستیپێكردووە.
ڕۆژی دووشەممە 21 سەربازی سوپای ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی حەماس لە ناوەندی كەرتی غەززە كوژران. لە هەمان ڕۆژدا سێ سەربازی ئیسرائیلی لە هێرشی جوداخوازی كوژران.
بەم شێوەیە ژمارەی سەربازە ئیسرائیلییەكان كە لە دوای هێرشی زەمینی بۆ سەر كەرتی غەززە كوژراون، 200 كەسی تێپەڕاند و گەیشتە 217 سەرباز.
بنیامین ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بە “یەكێك لە ڕۆژە سەختەكان” كردووە لە سەرەتای دەستپێكی جەنگەوە.
هێزەكانی ئیسرائیل لێكۆڵینەوەیان لەم كارەساتە دەستپێكردووە.
بەگوێرەی بەیاننامەكەی سوپای ئیسرائیل، سەربازە یەدەگەكان خۆیان ئامادە دەكرد بۆ تەقاندنەوەی دوو باڵەخانە لە دووری 600 مەتر لە سنووری نێوان غەززە و ئیسرائیل، لەوكاتەدا موشەكێكی جۆری RTG لەلایەن هێزەكانی حەماسەوە ئاراستەی تانكێك كرا كە لە نزیكەوە بوو، بووە هۆی ئەوەی دوو بینا بتەقنەوە دابڕمێن.
زیاتر ئاماژە بەوەكراوە كە ” تەقینەوەكە هۆكاری گیانلەدەستدانی سەربازە ئیسرائیلییەكان بووە، هەر چەندە چاوەڕێی قوربانی زیاتر دەكرا، بەو پێیەی هەندێك سەرباز لە كاتی تەقینەوەكەدا لەناو بیناكان یان لە نزیك باڵەخانەكان بوون”.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە وتارێكدا بە گێڕانەوەی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا بڵاویكردەوە” ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەكات لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا لە نێوان 20 بۆ 30%ی چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس كوشتووە، ئەمەش دوورە لە ئامانجی ڕاگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی ئەم گرووپە”.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی بزووتنەوەی حەماس، لە دەستپێكی ئەم جەنگەوە تا ئێستا 25 هەزار و 490 فەلەستینی كە زۆربەیان ژن و هەرزەكار و منداڵن كوژراون.
داتا فەرمییەكانی ئیسرائیل، ئاماژە بە گیان لەدەستدانی زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی كە زۆربەیان خەڵكی مەدەنین كردووە.