موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
ماوەیەكە گۆڕنكاری لە پۆستە حكومیەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستی پێكردووە، بە پێی زانیاریەكانی زاری كرمانجی ژمارەیەك بەرپرسی حكومی لە پۆستەكانیان لادەدرێن و كەسانی دیكە پۆستیان پێدەدرێت .
خسرۆ ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین گۆڕانكاری لە پۆستە حكومیەكان كراوە، شارەوانییەكانیش ماوەیەكی زۆربوو گۆڕنكاری تێدا ئەنجام نەدرابوو، بۆیە بە هەماهەنگی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بڕیارمانداوە بە گۆڕانكاری لە ژمارەیەك سەرۆك شارەوانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییمان.
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی ئیدارەی سۆران، دەڵێت، دوای گۆڕینی سەرۆك شارەوانی باڵەكیان، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ گۆڕینی سەرۆك شارەوانی قەزای خەلیفان، تاریق ئیبراهیم لە پۆستەكەی دەبەخشرێت و كەسێكی دیكە پۆستی سەرۆك شارەوانی خەلیفان بە وەكالەت بەڕێوەدەبات، ئەم گۆڕانكاریەش بڕیارە لە سبەی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت .
ئاشكراشی كرد:” ئەو سەرۆك شارەوانیانە كە ساڵانێكی زۆرە لە پۆستەكانیان ماون و نەگۆڕاون، بەپێی پلانێكی ئامادەكراو دەگۆڕدرێن و كەسانی نوێ پۆستیان پێدەدرێت تا خزمەتی زیاتری شارەوانی قەزا و ناحیە بكرێت .