زاری كرمانجی – سۆران :
هاووڵاتییانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قەزای شێخان بۆ سەركۆنەكردنی هێرشە مووشەكییە بالسیتییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی كانوونی دووەم، خۆپیشاندان دەكەن.
یەكێك لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكەی قەزای شێخان ڕاگەیاند “دانیشتووان و نەتەوە جیاوازەكانی قەزای شێخان بە كورد و عەرەب، بۆ سەركۆنەكردن و شەرمەزاركردنی ئەو هێرشەی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە كرایە سەر هەولێر، خۆپیشاندان دەكەین و داوا دەكەین ئەم كارە تیرۆریستیی و نا مرۆڤانەیە دووبارە نەبێتەوە.”
دوێنێ سێشەممە، هەزاران كەس لە چین و توێژە جیاوازەكانی سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕین دژی هێرشە مووشەكییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر لەسەر شەقامەكان بوون، ئەمڕۆ گەرمیانییەكانیش دەنگی ناڕەزایی خۆیان دەخەنە پاڵ دەنگی تەواوی شارەكانی تری كوردستان و سەركۆنەی هێرشە مووشەكییەكەی ئێران دەكەن بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.