وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی باڵای راوێژكارانی هاوپەیمانان كۆ بوونەوە
لە کۆبونەوەی وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ شاندی باڵای راوێژاکارنی هاوپەیمانان باس لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کراو بەرپرسی هاوپەیمانان ڕایگەیاند، “ئیرادەیەکی بەهێز هەیە لە یەکخستنی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠.”
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەنەڕاڵ مەکێنزی بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێڵ مایکڵ گاچێرۆ بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی کونسوڵخانەی ئەمریکا و ڕاوێژکارانی باڵای وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان کۆبوەوە”.
لە کۆبونەوەکەدا، پرسی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان و هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، خۆئامادەکردن بۆ هەڵسەنگاندنی ساڵانەی جێبەجێکردنی یاداشتنامەیی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند،” ئامانجیان سەرخستنی پرۆسەی چاکسازییە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەم پێناوەشدا بەردەوامن و هەنگاوەکانیان خێراتر کردوە بە مەبەستی بنیادنانی هێزێكی تۆکمەی سەربازیی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا”.
لە بەرامبەردا جەنەڕاڵ مەکێنزی بەرپرسی تیمی باڵای ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان ئاماژەی بەوەکرد، ئیرادەیەکی بەهێز هەیە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرامبەر پرۆسەی چاکسازی لەم پێناوەشدا ئێمە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاڵپشت و پشتیوانیان دەبن لە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا و پەرەپێدان بە کاروباری فیرقەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە.