بەرگری ئەمەریكا : هەرگیز دوودڵ نابین لە گرتنە بەری هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هێزەكانمان
حەشدی شەعبی : سێ بارەگامان كراوەتە ئامانج
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
جارێكی تر سوپای ئەمەریكا بە چڕی چەند بارەگایەكی حەشدی شەعبی لە عێراق كردە ئامانج، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ڕاگەیاند “لە تۆڵەی برینداربوونی سەربازەكانمان لە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد، پێنج پێگەی سەربازی كەتائیبی حیزبوڵڵا كردە ئامانج”، هاوكات حەشدی شەعبی لە ڕاگەیاندراوێكدا دەڵێ ئەمەریكا هێرشی كردووەتە سەر بارەگاكانمان و قوربانیمان هەیە.”
درەنگانی شەوی ڕابردوو هێزە ئاسمانییەكانی سوپای ئەمەریكا، چەند پێگەیەكی چەكدارانی كەتائیبی حیزبوڵڵایان لە چەند ناوچەیەكی عێراق كردە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ناسراو بە (سێنتكۆم) لەبارەی هێرشەكەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێ “شەوی ڕابردوو هێزە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەمان، لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی كرانە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و برینداركردنی ژمارەیەك لە سەربازەكانمان، پێنج پێگەی سەربازی كەتائیبی حیزبوڵڵایان لە عێراق كردە ئامانج”.
لە هێرشە ئاسمانییەكەی شەوی ڕابردووی سوپای ئەمەریكا، هەر یەك لە بنكەیەكی سەركردایەتی باڵای سەربازی، كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی، ناوچەیەكی ڕاهێنان پێكردنی بەكارهێنانی مووشەك و ناوچەیەكی هەڵدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و پێگەیەكی دیكەی كراونەتە ئامانج كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن هەر وەكوو لە ڕاگەیاندراوەكەی سێنتكۆم ئاماژەی بۆ كراوە.
هاوكات حەشدی شەعبی لە ڕاگەیاندراوێكدا بەئامانجگرتنی چەند پێگەیەكی چەكداری خۆیان لە لایەن سوپای ئەمەریكا پشتڕاست كردەوە و دەڵێ “هێزەكانی ئەمریكا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سێ بارەگای چەكدارەكانی لە هەریەكە لە پارێزگاكانی ئەنبار و بابیل كردوونەتە ئامانج و بەو هۆیەوە قوربانی زۆری لێكەوتووەتەوە”.
حەشد لە ڕاگەیاندراوەكەدا ڕوونكردنەوەی زیاتر لەسەر هێرشەكە دەدات و دەڵێ “لە پارێزگای ئەنبار دوو پێگەی سەرەكی چەكدارانی حەشدی شەعبی كرانە ئامانج كە یەكێكیان لە قەزای قائیمی ئەنبار بووە و بەو هۆیەوە دوو چەكدار برینداربوون كە برینی هەردووكیان مەترسیدارە، هەروەها لە هێرشێكی دیكەشدا بۆ سەر (باڵەخانەی مەشق و ڕاهێنانی سەر بە هێزەكانمان لە بابل چەكدارێكمان كوژراوە و دوو چەكداری دیكەش بە سەختی برینداربوون”.
ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بەئامانجگرتنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە قائیم و جەرف و سەخر، بە دەستدرێژی و پێشێلكردنی ئاسایشی عێراق ناو دەبات و پێی وایە ئەو جۆرە هێرشانە خزمەت بە هێوركردنەوەی دۆخەكە ناكات.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند ڕاشگەیاند “پێویستە ئەمریكا فشار دروست بكات بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە لەجیاتی بۆردوومانكردنی بارەگای دامەزراوە نیشتمانییە عێراقییەكان.”