زاری كرمانجی – سۆران:
بەڕێوەبەری ئەوقافی ئیدارەی سۆران، رایدەگەینێت، پێشتر وەزارەتی ئەوقاف بە نوسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، بۆ گرتنەبەری ئەو رێكارانە دژی ئەو كەسانەی كە لە رێگەی دینەوە كاری نایاسایی و سیحر و جادوو دەكەن، بۆ ئەم مەبەستە رێنمایی دەرچووە.
د . پشتیوان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ئەو كەسانەی لە رێی دینەوە فێڵ لە خەڵكی دەكەن، لە ژێر هەر ناوێك بێت بەپێی ئەو رێنمایەی وەزارەتی ناوخۆ دەری كردووە، لێپێچینەوەی توندیان لەگەڵ دەكرێت.
د . پشتیوان سرێشمەیی، گووتیشی:” فێڵ كردن لە ژێر ناوی دینەوە هەروەها سیحر و جادوو، خەریكە شیرازەی كۆمەڵگە تێكدەدات و بە هۆكارێكی سەرەكیش دەزانین لە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی ژن و مێرد .
لای خۆیەوە، عەقید شەماڵ دێواری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” تا ئێستا هیچ سكاڵایەك لەسەر ئەو بابەتە بە ئێمە نەگەیشتووە، هەر كەسێك سكاڵا لەسەر ئەوانە تۆمار بكات كە سیحر و جادوو دەكەن یا هەر كارێكی دیكەی نایاسیی لە رێگەی دینەوە ئەنجام بدەن، بە دڵنیایەوە رووبەڕووی یاسایان دەكەینەوە و دەبێت بە سزای یاسایی خۆیان بگەن”.