ئیفرایم هالێڤی بەرپرسی پێشوی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، لەبارەی هێرش بۆ سەر هەولێر دەڵێت “ئیرانییەكان بۆیە ئەم لێدوانانە دەدەن تا بەگەلەكەیان بڵێن تۆڵە لەئیسرائیل دەكەینەوە”
ئیفرایم هالێڤی بەرپرسی پێشوی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی (مۆساد) لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا ڕەتیكردۆتەوە كە (مۆساد) هیچ بارەگایەكی لەپارێزگای هەولێر لەهەرێمی كوردستان هەبێت تاوەكو لەلایەن ئێرانەوە بەئامانج بگیرێت.
ئیفرایم هالێڤی لەچاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا كە لەلایەن ڕادیۆی فەردای سەر بەئۆپۆزسیۆنی ئێرانییەوە لەگەڵیدا ئەنجامدراوە ڕایگەیاندوە: “بەتوندی جەخت لەوەدەكەمەوە كە گومانم هەیە مۆساد هیچ جۆرە بارەگایەكی لەو شێوەیەی لەناوچەكەدا هەبێت كە ئێران بانگەشەی بۆ دەكات، بەوپێیەی هەرگیز ئیسرائیل جەختی لەبونی بنكەی لەوشێوەیە نەكردۆتەوە”.
هالێڤی سەبارەت بەبەئامانجگرتنی ئەو شوێنەی كە ئێران ناوی لێناوە “بارەگای مۆساد” لەهەرێمی كوردستان، جەختیكردۆتەوە، “بەتوندی گومانم هەیە لەبوونی بنكەیەكی وەهای مۆساد لەناوچەكەدا”.
هەروەك دەشڵێت:”ئیسرائیل هەرگیز جەختی لەوەنەكردوەتەوە كە بنكەیەكی وای هەیە، پێموایە ئێرانییەكان بۆیە ئەو لێدوانانە بڵاودەكەنەوە، تەنها بۆ ئەوەیە بەگەلەكەیان بڵێن كە تۆڵە لەئیسرائیل دەكەینەوە”.
ئاماژەی بەوەشكردوە، هیچ بەڵگەیەكی نەبینیوە كە ئیسرائیلییەكان لەو هێرشەی ئێراندا كوژرابن یان ئەوانەی بەشێوەیەك لەشێوەكان پەیوەندییان بەئیسرائیلەوە هەیە كوژرابن. بۆ ئەوەش وتویەتی:”پێموایە ئەم زانیاریانەی ئێران بڵاویاندەكاتەوە هەڵەن”.