شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” كێشەیەكی زۆر بڵاو هەیە، تایبەت لەنێو ئافرەت و دەڵێن” هەموو جەستەم ئازاری هەیە بەڵام كاتێك سەردانی پزیشك دەكەم هەموو پشكنینەكانم پاك دەردەچن، ئایا ئەمە نەخۆشییە یاخود باری دەروونییە.
د. سۆران محەمەد، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و ڕۆماتیزم، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” ئەوانەی بەردەوام ئازاری جەستەیان هەیە و پشكنینەكانی پاك دەردەچن، لە ڕاستیدا ئەمە نەخۆشییە و پێی دەڵێن fibromyalgia ئەمەش نەخۆشییەكی ڕۆماتیزمیە و بەوە جیا دەكرێتەوە كە نەخۆشەكە لە چەند شوێنێكی جیاجیای جەستەدا بەردەوام ئازاری هەیە وەك شان و مل، حەوز، پشت، جومگەكان و ئەژنۆكان و …هتد، واتە ئازارەكە بڵاوە و بەناو لەشیدا دەگەڕێت.
گووتیشی” نەخۆشەكە لەگەڵ ئەم ئازارەدا گرفتی دیكەشی هەیە، بۆ نموونە تێكچوونی خەو، بیركردنەوە و قەلەقی، سەر ئێشەیەكی زۆر و تەنانەت شەقیقە، كۆلِۆن، ترشەلۆكی گەدە، دڵتێكهەڵاتن، جاری واش هەیە بەیانیان كە لە خەو هەڵدەستێت ئازاری جومگە و ڕەقبوونی دەستی دەبێت و ناتوانێ كارەكانی بە ئاسانی بكات، لە خانماندا زۆرجار كاتی سوڕی مانگانە ئازاریان زۆر دەبێت، بۆ دیاریكردنی نەخۆشییەكە و چارەسەركردنیشی پشت بە نیشانەكان دەبەستین، پێویستە سەرەتا هەوڵبدرێت بۆ ڕێكخستنەوەی خەو، پێش نووستن كافائین نەخوات، شوێنی خەوەكە ڕووناكی و ژاوەژاو نەبێت، وەرزشكردن و یۆگا چارەسەرێكی زۆر باشن و دواتر ئەو دەرمانانەی كە پێویستن و پزیشك بۆی دەنوسێت بخوات.
ئەم پزیشكە ئاشكراشی كرد” لە 2%ی خەڵك لە جیهاندا ئەم جۆرە نەخۆشییەیان هەیە و زیاتر لە خانماندا بڵاوە تایبەت لە نێوان تەمەنی 20 بۆ 50 ساڵی تووشی دەبن.