زاری كرمانجی-سۆران:
بەڕێوەبەری گشتی پلاندان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: وەزارەت خەریکی ئامادەکردنی ڕۆژژمێری کشتوکاڵییە بۆ ئەمساڵ، لەگەڵ بەغداش گەیشتووینەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی لەکاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆ بەرھەمی دەرەوە قەدەغە بکرێت.
د.زێدا کەریم، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕاگەیاند: وەزارەت خەریکی ئامادەکردنی ڕۆژژمێری کشتوکاڵییە بۆ ئەمساڵ و بەپێی خشتەی ڕۆژنامەکە ھەر کاتێک بەرھەمی ناوخۆ پێگەیشت لەبەرامبەردا ھاوردەکردنی بەرھەمی بیانی قەدەغە دەکرێت بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بەرھەمی ناوخۆ نەبێت و زیان بە جووتیاران نەگات.
بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: لەگەڵ بەغدا گەیشتووینەتە ڕێککەوتن بۆ یەکخستنی ڕۆژژمێری کشتوکاڵی ھەرێم و عێراق، لە ساڵی ڕابردوو شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و لەسەر بەرھەمی کشتوکاڵی ڕێککەوتووین، لە کۆبوونەوەکانی داھاتوو لەسەر بەرھەمی ئاژەڵیش دەگەینە ڕێککەوتن، ئەگەر بەرھەمی عێراق بەشی بازاڕی ناوخۆی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات بەرھەمی بیانی قەدەغە دەکرێت و بەپێچەوانەوە ئەگەر بەرھەمی ھەرێم پێگەیشت بەغداش ھاوردەکردنی بەرھەمی بیانی قەدەغە دەکات.
د.زێدا کەریم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێستا بەرھەمی تەماتەی ناوچەکانی باشووری عێراق پێگەیشتووە و بەشی بازاڕی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دەکات، لەبەر ئەوەیش وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ھەناردەکردنی بەرھەمی تەماتە لە دەرەوە قەدەغە بکات، ئەو ھەماھەنگییەی نێوان ھەرێم و بەغداش هەنگاوێکی باشە.