شەهلا رەشید- سۆران
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، لە كۆنفرانسی پێداچوونەوەی ساڵانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، ڕایگەیاند: لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم لە سۆران سێكتەری تەندروستی بەرەوپێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
د. كامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، دەڵێت: ساڵی ڕابردوو ئەو پلانەی كە دامنابوو چ لەڕووی دابینكردنی داودەرمان، چ ئامێرەكانی پزیشكی بۆ سەرجەم قەزا و ناحیەكان و ڕێكخستنی دەوامی پزیشك و فەرمانبەران جێبەجێكرا، هەروەها هەوڵماندا 50% ڕەوانەكردنی نەخۆش بۆ هەولێر كەم بكەینەوە، سەرەڕای كەمی كارمەندی پێویست توانیمانە لە زۆربەی قەزا و ناحیەكان بە ئاراستەكردنی كار و چالاكییە تەندروستییەكان شوێن پەنجەمان دیار بێت.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، لە بارەی كارمەندە خۆبەخشەكانیش، گووتی: داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی دەكەم، ئاوڕێكی جددی لە كارمەندە خۆبەخشەكان بدەنەوە و دایانبمەزرێنن، بۆ ئەوەی بەردەوام بن و بتوانن زیاتر خزمەتی نەخۆشان بكەن.