زاری كرمانجی-سۆران:
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرما دادەبەزێت.
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کاریگەری نزمە پەستانی دەریای سپی ناوەڕاست ئاسمانی هەرێم ناسەقامگیر دەبێت بۆ چەند رۆژێک، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بەگشتی هەوری تەواو دەبێت سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم و پارێزگای دهۆک نمە باران و بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی ئەم دەڤەرە دەست پێدەکات، پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە ناوچە دەشتاییەکانی باشووری هەولێر و شاری کەرکووک ئەگەری کەمێک دابارینی تاوە باران و بروسکە هەیە .
کەشناسی راشیگەیاندووە، پلەکانی گەرما نزم دەبێتەوە بە (1 –2) لە ناوچە شاخاوییەکان بە (2-4) بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنی .
لەبارەی کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی کردووە، رۆژی سێشەممە ئاسمان بەگشتی هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ دابارینی نمە باران وە بەفر لەناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا وە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ ئەگەر کەمێک تاوەباران و بروسکە هەیە لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری هەولێر. پلەی گەرما لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم نزمتر دەبنەوە (1- 2) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 13 پلەی سیلیزی
دهۆک: 13 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 13 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 12 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 18 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 3پلەی سیلیزی