زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی تەماتەی لە دەرەوەی وڵات قەدەغە کرد.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: “لەپێناو بەرژەوەندی و سوودی گشتی جووتیاران و چارەسەرکردنی کێشەی بە بازاڕکردنی بەرهەمێکی زۆری (تەماتە)ی خۆماڵی جووتیارانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، پاڵپشت بە هەماهەنگییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها وەڵامدانەوەی یاداشتی داواکارییەکانی جووتیاران لە(کۆمەڵەی کشتوکاڵی الزوبێر) لە سنووری پاڕێزگای بەسرە،و لەژێر رۆشنای هەماهەنگی و بەرەو پێشچوونەکانی لیژنەی هاوبەشی تایبەت بە یەکخستنی (رۆژمێری کشتوکاڵی) لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ، وەک چۆن ئەوان لە ماوەی ساڵی رابردوو، بڕیاریاندا بە قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی تەماتە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیارانی ناوچەی پێجوێن و حاجی ئۆمەران و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان، ئێمەش لەپێناو درێژەدان بەو نەریتی هەماهەنگی و پێکەوە کارکردنە و کردنەوەی بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرووی بەرهەمی ناوخۆی جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بڕیارماندا بە قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی (تەماتە) لە دەرەوەی وڵات، لە رێکەوتی 21/1/2024 تا کاتێکی نادیار”.
وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشدا: “بۆ ئەم مەبەستە و وەرگرتنی رێککاری کارگێری و یاسایی، نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری /بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم کردووە، بۆ کارپێکردنی لە سەرجەم دەروازەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان “.