زاری كرمانجی-سۆران:
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تۆمەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوورە لە راستی و بێ بنەمایە، دەشڵێت: ئەو منداڵەی کە لە بۆردومانەکە شەهید بووە ئەوە ئەفسەری مۆسادە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی رووسیا ئەلیەوم رایگەیاند، تۆمەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوورە لە راستی و بێ بنەمایە، چونکە بۆردومانی ئەو شوێنانەی کردووە کە گوایە بارەگای مۆسادی ئیسرائیلییە، بەڵام لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراق هاتە شوێنی رووداوەکە و راستییەکانی بۆ دەرکەوت و گوتی: ئەوشوێنە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانە.
هەورامانی گوتیشی: ئەو منداڵەی کە لە بۆردومانەکە شەهید بووە ئەوە ئەفسەری مۆسادە؟، ئایا ئەو منداڵە تاوانی چییە؟ کە بە مووشەکی بالیستی ئێران خۆی خێزانەکەی شەهید بکرێن، کە لە خێزانێکی ناسراوی شاری هەولێرن. کە لە سیاسیەتیش نزیک نەبووەتەوە، تەنها رۆلی کاری خێری هەبووە.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان هەمیشە لەم ناوچەیەدا هەوڵی سەقامگیری داوە، وە بەشێک نەبووە لە کیشەکانی ناوچەکە، هەروەها ئەگەر کێشەیەک هەبووبێت هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە رۆلێکی ئەرێنی ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و لایەنەکانی لێک نزیک کردووەتەوە، پێشمان وایە مووشەک کێشەکان چارەسەر ناکات.
دەشڵێت: هەرێمی کوردستان خۆی رادەست ناکات و قبولیش ناکات ئیرادەی بشکێندرێت، مێژووش ئەوەمان پێدەڵێت کە زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لەرێگەی چەکی کیمیاوی هەوڵی کۆمەڵکوژی کوردەکانییان داوە، دواتر بەخۆیان لەناوچوون و کوردەکانیش لەناو نەچوون.
سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئێران گوتی: بەرپرسی یەکەم حکومەتی عێراقییە کە دەبێت وەڵامی ئێران بداتەوە، چونکە ئەوە روونە کە سەرەوەری عێراقی پێشێل کردووە، هەروەها هیچ کەسێکیش رازی نابێت بەمووشەک هێرش بکرێتە سەر دراوسێکەی، کە چەندین وڵات هەیە چەکیان هێندەی عێراق نییە، ئینجا جگە لە هەندێک لێدوان زیاتر هیچمان نەبینی.
پێشەوا هەورامانی راشیگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئەو لیژنەیەی لێکۆڵینەوە کەلەلایەن محەمەد شیاع سوودانی پێکیهێنرابوو ئەنجامی راپۆرتەکەی راگەیاند، ئێمەش چاودێری هەنگاوە جدییەکان دەکەین، دەشڵێت: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ دەنگ نەبووە لەسەر ئەو رووداوە، هەروەها رەتی کردەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە داڤۆس کۆ ببێتەوە، ئەوە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بووە.
باسی لەوەشکرد، پاپای ڤاتیکان و کۆمکاری عەرەبی و چەندان سەرکردە و حکومەتی وڵاتان ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانیان کردووە بۆ سەر هەولێر، هێرشەکە دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، بەڵام لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە هیچ بەڵگەیەک نییە بارەگای ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستان هەبووبێت، بۆیە دەبێت حکومەتی عێراق هەڵوێستەکەی بەکرداری دەستپێبکات.
پێشەوا هەورامانی لە درێژەی هەڤپەیڤینەکەدا گوتی: هەموو لایەک دەزانن کاتێک سەرۆک بارزانی قسەیەکی کرد جێبەجێی دەکات، ئارامیش نابێتەوە تاوەکو جێبەجێی نەکات، ئێمە هەڕەشە ناکەین، تەنها داواکارییەکی ئاسانمان هەیە ئەویش ئاشتییە، نامانەوێت هێرش بکەینە سەر دراوسێکانمان یان سەر هیچ کەسێک، دەمانەوێت ئێران بزانێت هەرێمی کوردستان رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق هەیە.
دەشڵێت: ئەمە یەکەمجار نییە ئێران هێرش دەکاتە سەر هەولێر، بۆ نەمان بینی یەک شوێنی ئیسرائیلی بکاتە ئامانج، ئەگەر ئێران بیەوێت رووبەرووی ئیسرائیل بێتەوە ئەو چەندی شوێنی دیکە هەیە کە مووشەکە دوورهاوێژەکانی دەتوانن بگەن شوێنەکان، هەروەها لە سووریاش میلیشیای هەیە، بۆ تەنها هەولێر دەکاتە ئامانج، زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی پێیان وابوو ئێران رۆلێکی گەورەی دەبێت لەشەڕی غەززە، بەڵام بۆ شاردنەوەی شکستەکانی خۆی هێرش دەکاتە سەر هەولێر.
گوتیشی: لەسەر هێرشە مووشەکییەکان پێویستە حکومەتی عێراق لەگەڵ لایەنی ئێرانی دابنیشێت و گفتوگۆ بکات، رێککەوتنێک بکات کە جارێکی دیکە هێرش نەکرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە بودجەی عێراق هەورامانی گوتی: ئێمە لە دواین دانیشتنەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراقی لەسەر پرسی نەوت و بودجە و مووچەی فەرمانبەران رێککەوتووین، بەوەی هەمواری یاسایی بودجە لە پەرلەمانی عێراق بکرێتەوە، کە دوای ئەو هەموارکردنەوەیە کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر دەبێت،