مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەربازێكی ئێرانی لە كاتی پاسەوانیكردنی یەكەیەكی سەربازی، پێنج سەربازی هاوڕێ دەكوژێت.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ئێران، ڕۆژی یەكشەممە 21ی كانوونی دووەم پێنج سەربازی وڵاتەكە لە لایەن سەربازێكی هاوڕێیانەوە لە شاری كرمانی باشووری وڵاتەكە كوژران.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنای سەر بە كۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری سەرۆكی بارەگای هێزە هەرێمییەكانی سوپا لە باشوور بڵاوی كردەوە “یەكێك لە سەربازانی سەر بە پاسدارانی ئێران، لە كاتی پاسەوانیكردنی یەكەیەك لە شوێنە سەربازییەكانی سوپادا، چووەتە ناوچەی پشوودانی سەربازە هاوڕێكانی و دەستڕێژی گوللەی لێكردوون و 5 سەربازی كوشتووە”.
سەرۆكی بارەگای هێزە هەرێمییەكانی سوپا ئاماژە بەوەش دەكات سەربازە بكوژەكە ڕایكردووە و هۆكارەكەشی دیار نییە بۆ ئەو كارەی كردووە.