مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، وەزارەتی بەرگری عێراقی ناچار كرد لیژنەیەك دروست بكات و بەدواداچوون بۆ گرتە ڤیدیۆیەكە بكات .
دوو ئەفسەری عێراقی لەگرتە ڤیدیۆیەكی گاڵتە ئامێزدا كە تەواوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیوە، یەكێكیان لەوەی تر دەدات و ئەویش دەست بە گریان دەكات، وەزارەتی بەرگری عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ئەم كارە بە هەڵسوكەوتی منداڵانە ناو دەبات و پێی وایە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە لەگەڵ پلە سەربازییەكانیان و ناو و ناسنامەی سوپای عێراقی و مێژووەكەی ناگونجێت، بۆیە بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی ڕاسپاردووە بۆ دەستگیركردنی ئەو دوو ئەفسەرە.
لە ڕاگەیەنراوێكدا ئەوەش خراوەتە ڕوو “لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنرێت و بە گوێڕەی یاسای خزمەتگوزاری و خانەنشینبوون مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، هەر پلەدار و ئەفسەرێكیش كارێك بكات كە خراپە بە ناسنامەی وەزارەتی بەرگری بگەیەنێت، ئەوا سزا دەدرێت.”
لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار گرتە ڤیدیۆیی نەشیاوی ئەفسەرانی عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوونەتەوە كە دەنگدانەوە و ناڕەزایی زۆری بە دوای خۆی داهێناوە.